Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020

Psalms 19 OKSS

Side by side with the Father's Heart Bible™

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

1ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.

2ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.

3هیچ قسە و زمانێکیان نییە،دەنگیان نابیسترێت،

4بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،

5کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.

6لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت ودەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

7فێرکردنی یەزدان تەواوە،دەروون دەبووژێنێتەوە.شەریعەتی یەزدان جێی متمانەیە،ساویلکە دەکەنە دانا.

8ڕێنمایی یەزدان دروستە،دڵ خۆش دەکات.ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،چاو ڕۆشن دەکات.

9لەخواترسی بێگەردە،هەتاهەتایە سەقامگیرە.حوکمی یەزدان ڕاستە،بە تەواوی ڕاستودروستە.

10ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،لە زێڕی بێگەردی زۆر،لە هەنگوین شیرینترن،لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.

11خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.

12کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.

13خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵمجێی ڕەزامەندی تۆ بێت،ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم.

‫Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر ‫© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎ Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎ ‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎ ‫‏ «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020 · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]