Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020

Job 28 OKSS

Side by side with the Father's Heart Bible™

دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟

1زیو کانی هەیە وبۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.

2ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،مسیش لە توانەوەی بەرد.

3مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛لەناو تاریکی سێبەری مەرگبۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.

4کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.

5زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛

6بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە ولە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.

7ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن وچاوی هەڵۆ نایبینێت.

8ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.

9مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،بنکەی چیاکان دەردەخات.

10لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.

11ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت وئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.

12بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە وتێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟

13مرۆڤ نرخەکەی نازانێت ولە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.

14قووڵایی ژێر زەوی دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»

15دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت ونە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.

16نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها ونە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.

17نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.

18لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت ونرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.

19یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت وبە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.

20ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە وتێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟

21لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە ولەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.

22لەناوچوون و مردن دەڵێن:«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»

23خودا ڕێگاکەی تێدەگات وئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.

24لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات وهەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.

25کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد وئاوەکانی بە پێوانە پێوا،

26کاتێک بۆ باران یاسای دانا وبۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،

27ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.

28بە مرۆڤی فەرموو:«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە ولە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»

‫Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر ‫© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎ Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎ ‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎ ‫‏ «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020 · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]