Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020

Isaiah 5 OKSS

Side by side with the Father's Heart Bible™

گۆرانی ڕەزەمێوەکە

1با گۆرانی بڵێم بۆ خۆشەویستەکەم،گۆرانی خۆشەویستەکەم بۆ ڕەزەمێوەکەی:خۆشەویستەکەم ڕەزەمێوێکی هەبوولەسەر گردێکی بەپیت.

2بنکۆڵی کرد و بەردی لێ بژار کرد،شامێویشی لێ چاند.قوللەیەکی چاودێری لە ناوەڕاست بنیاد نا،هەروەها گوشەرێکی تێدا هەڵکۆڵی.بە هیوا بوو ترێی باش بگرێت،بەڵام ترێی خراپی گرت.

3«ئێستا ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ئەی پیاوانی یەهودا،تکایە لەنێوان من و ڕەزەمێوەکەم دادوەری بکەن.

4چی دی هەیە بۆ ڕەزەمێوەکەم بکرێت کەمن نەمکردبێت؟کاتێک من هیوادار بووم ترێی باش بگرێت،بۆچی ترێی خراپی گرت؟

5ئێستا پێتان دەڵێمچی لە ڕەزەمێوەکەم دەکەم:پەرژینەکەی لێ دەکەمەوە ووێران دەبێت،دیوارەکەی دەڕووخێنم،دەبێتە پێپەست.

6دەیکەمە کەلاوە،نە پەرچ دەکرێت و نە ژێری هەڵدەدرێتەوە،دڕکوداڵ سەرهەڵدەدات.فەرمان بە هەورەکان دەکەمباران بەسەریدا نەبارێنن.»

7ڕەزەمێوی یەزدانی سوپاسالاربنەماڵەی ئیسرائیلە وپیاوانی یەهوداشنەمامی شادی ئەون.بە هیوای دادوەری بوو، بەڵام ئەوەتا خوێنڕژانە؛بە هیوای ڕاستودروستی بوو، بەڵام ئەوەتا داد و بێدادە.

دادوەری یەزدانی سوپاسالار

8قوڕبەسەر ئەوانەی خانوو بە خانووەوە دەلکێنن وکێڵگە لە کێڵگە نزیک دەکەنەوەهەتا هیچ جێیەک نەما وبە تەنها خۆتان لە خاکەکە نیشتەجێ بوون.

9بە ڕاستی گوێم لێ بوو کە یەزدانی سوپاسالار فەرمووی:«بێگومان کۆشکی مەزن دەبێتە کەلاوە،خانووی گەورە و خۆشیش چوڵەوانی.

10جێی دە دۆنم ڕەزەمێو، یەک بەت شەراب بەرهەم دەهێنێت وحۆمەرێک تۆویش ئێفەیەک بەرهەم دەهێنێت.»

11قوڕبەسەر ئەوانەی بەیانییان زوو هەڵدەستنبەدوای شەراب دەکەون،لە زەردەپەڕی ئێواران دوا دەکەونمەی گڕی تێبەرداون.

12قیسارە و ساز، دەف و شمشاڵ وشەراب بووە بە خەو و خۆراکیان،بەڵام ئاوڕ لە کاری یەزدان نادەنەوە،دەستکردەکانی نابینن.

13لەبەر ئەوە گەلەکەم لەبەر نەزانی ڕاپێچ دەکرێن،سەنگینەکانی لە برسان دەمرن،سادە و ساکارەکانی لە تینووان وشک دەبن.

14لەبەر ئەوە جیهانی مردووان خۆی پانوپۆڕ کرد وبێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە،تاکو بەگزادە و ڕەشۆکی و شەڕانگێزان،لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە شانازی بە ئۆرشەلیم دەکەن، شۆڕ ببنەوە ناوی.

15مرۆڤ دەچەمێتەوە وپیاو نزم دەبێت،چاوی بەفیزان نزم دەبێت،

16بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت،خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.

17مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان،بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.

18قوڕبەسەر ئەوانەی بە گوریسی فێڵ تاوان کێش دەکەن،گوناهیش وەک گوریسی عەرەبانە،

19ئەوانەی دەڵێن: «با خودا پەلە بکات،با خێرا بێت لە کارەکەیبۆ ئەوەی ببینین.با نزیک بێتەوە و بێتە دی،هەتا بزانین پلانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.»

20قوڕبەسەر ئەوانەی بە خراپ دەڵێن چاک وبە چاکیش دەڵێن خراپ،ئەوانەی تاریکی دەکەن بە ڕووناکی وڕووناکیش دەکەن بە تاریکی،ئەوانەی تاڵ دەکەن بە شیرین وشیرین دەکەن بە تاڵ.

21قوڕبەسەر ئەوانەی لەبەرچاوی خۆیان دانان،لەلای خۆیان تێگەیشتوون.

22قوڕبەسەر ئەوانەی لە شەراب خواردنەوە پاڵەوانن،پیاوی ئازان بۆ تێکەڵکردنی مەی،

23بۆ بەرتیل خراپەکار بێتاوان دەکەن،ڕاستودروستانیش لە مافی خۆیان بێبەش دەکەن.

24لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت،وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت،ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت،خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە،چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە،سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.

25لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لەسەر گەلەکەی جۆشا،دەستی بۆ درێژکرد و لێیدا.چیاکان هەژان وجەستەکانیان وەک زبڵی سەر شەقامەکانی لێهات.لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،هێشتا دەستی درێژکردووە.

26ئاڵا بۆ نەتەوە دوورەکان بەرز دەکاتەوە،فیکە بۆ ئەوانە لێدەدات کە لەوپەڕی زەوین.ئەوەتا خێرا بە پەلە دێن!

27نە ماندوو لەنێویاندایە و نە شەکەت،نە دەخەوێت و نە خەواڵو دەبێت،نە پشتێنی ناوقەدی دەکرێتەوە ونە ئاوزەنگی پێڵاوەکانی دەپچڕێت.

28ئەوانەی تیرەکانیان تیژ وکەوانەکانیان توند کراوە،سمی ئەسپەکانیان وەک بەردەئەستێن،چەرخەی گالیسکەکانیان وەک گەردەلوولە.

29نەڕەیان وەک نەڕەی شێرە مێیە ووەک بەچکە شێر دەنەڕێنن،دەمڕێنن و نێچیر دەگرن،دەیبەن و کەس ڕزگاریان ناکات.

30لەو ڕۆژە بەسەریدا دەنەڕێنن،وەک هاژەی دەریا.دەڕواننە خاکەکە و دەبیننوا تاریکییەکی تەنگە،ڕووناکیش بە هەورەکانی تاریک بووە.

‫Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر ‫© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎ Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎ ‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎ ‫‏ «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020 · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]