Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

Mark 8 OBOL

Side by side with the Father's Heart Bible™

تێربوونی چوار هه‌زار كه‌س

1له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵكێكی زۆر لای عیسا كۆبووبوونه‌وه‌، شتێكی واشیان نه‌بوو بیخۆن، عیسا قوتابیه‌كانی بانگ‎كردو پێی ‎ووتن: 2(من به‌زه‌ییم به‌و خه‌ڵكه‌دا دێته‌وه‌، وا بۆ سێ‌ ڕۆژ ده‌چێ‌ له‌گه‌ڵمدان، شتێكی وایان نییه‌ بیخۆن. 3ناشمه‌وێ‌ به‌برسێتی بیان‎نێرمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، نه‌وه‌ك له‌ڕێگا بڕ نه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكیان له‌شوێنی دووره‌وه‌ هاتوون.)

4ئینجا قوتابیه‌كانی پێیان ووت: (كێ‌ ده‌توانێ‌ له‌م چۆڵه‌وانیه‌ ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ نان بدات؟)

5عیسا لێی‎پرسین: (چه‌ند نانتان لایه‌؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (حه‌وت.) 6ئه‌وسا فه‌رمانی‎دا به‌خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نانه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ئاسمان، سوپاسی خودای كرد، له‌تیكردن‏و دای به‌قوتابیه‌كان تا دابه‌شی‎ بكه‌ن به‌سه‌ر هه‌مووان، ئه‌وانیش دابه‌شیان كرد. 7هه‌روه‌ها چه‌ند ماسییه‌كی بچكۆله‌شیان پێ‌بوو ئه‌ویشی پیرۆزكردو فه‌رمانی‎دا به‌قوتابیه‌كانی ئه‌وانه‌ش دابه‌ش‎ بكه‌ن به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا. 8ئیتر هه‌موو نانیان خوارد، هه‌تا تێربوون. پاشان له‌و پارچه‌ نانانه‌ی له‌خه‌ڵكه‌كه‌ مابووه‌وه‌، حه‌وت سه‌به‌ته‌یان پڕكرد. 9ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی نانیان خوارد، نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌س ده‌بوون. 10دوای ئه‌وه‌ عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێ‎كردو ده‌ست‎به‌جێ‌ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی سواری به‌له‌مێك بوو، بۆ ناوچه‌ی ده‌لمانووسه‌ چوو.

داواكردنی نیشانه‌ی ئاسمانی

11هه‌ندێ‌ له‌فه‌ریسیه‌كان هاتن بۆ لای عیسا بۆ ئه‌وه‌ی تاقی‎بكه‌نه‌وه‌، داوایان لێ‎كرد نیشانه‌یه‌كی ئاسمانیان نیشان بدات. 12ئه‌ویش هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشاو ووتی: (بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای نیشانه‌ ده‌كه‌ن؟ ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم: به‌م نه‌وه‌یه‌ نیشانه‌ نادرێ.) 13ئینجا به‌جێی‎هێشتن. دووباره‌ سواری به‌له‌م بوو، په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌.

فێركردنی فه‌ریسیه‌كان

14له‌وكاته‌دا قوتابیه‌كانی بیریان چووبوو له‌گه‌ڵ خۆیان نان بهێنن، ته‌نها یه‌ك نانیان پێ‌بوو. 15عیسا ڕای سپاردن‎و پێی‎ووتن: (ئاگاتان له‌خۆتان بێ. ئاگاداری هه‌ویرترشی فه‌ریسیه‌كان‎و هیرۆدس بن.) 16قوتابیه‌كان له‌دڵی خۆیان بیریان‏كرده‌وه‌و به‌یه‌كتریان ووت: (بۆیه‌ وا ده‌ڵێت چونكه‌ نانمان له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌هێناوه‌.) 17عیسا به‌مه‌ی زانی‎و پێی‎ووتن: (بۆ له‌دڵی خۆتان وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی نانتان پێ‎نییه‌؟ ئایا هێشتا فێرنه‌بوون، تێ‎نه‌گه‌یشتون؟ ئایا هێشتا دڵتان هه‌ر ڕه‌قه‌؟ 18خۆ چاوتان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ نابینن؟ گوێتان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ نابیستن؟ هه‌روه‌ها بیریشتان نایه‌ته‌وه‌؟ 19كاتی پێنج نانه‌كه‌ی له‌تم‎كرد بۆ پێنج هه‌زار كه‌س، چه‌ند سه‌به‌ته‌ پارچه‌ نانی لێ‎مایه‌وه‌؟) ووتیان: (دوانزه‌ سه‌به‌ته‌.) 20هه‌روه‌ها حه‌وت نانه‌كه‌ی له‌تم‎كرد بۆ چوار هه‌زار كه‌س، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ پارچه‌ی لێ‎مایه‌وه‌؟) ووتیان: (حه‌وت.) 21ئینجا پێی‎ووتن: (ئه‌ی چۆن تائێستا تێ‎ناگه‌ن؟)

چاك‏بوونه‌وه‌ی كوێرێك

22عیسا له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كان بۆ شاری به‌یت‏سه‌یدا چوو، خه‌ڵكه‌كه‌ كابرایه‌كی كوێریان هێنایه‌ لای‎و لێی‎پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانێت. 23ئه‌ویش ده‌ستی كوێره‌كه‌ی گرت‎و بردیه‌ ده‌ره‌وه‌ی دێیه‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی تفی له‌سه‌ر چاوی كابرادا، ده‌ستی له‌سه‌ر داناو لێی‎پرسی: (هیچ ده‌بینی؟) 24كابرا سه‌یری كردو ووتی: (خه‌ڵك ده‌بینم، وه‌كو دره‌خت ده‌ڕۆن.) 25عیسا جارێكی كه‌ش ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، به‌مه‌ كابرا چاك‎بووه‌وه‌و هه‌موو شتێكی به‌باش‎و به‌ڕوونی ده‌بینی. 26ئینجا عیسا كابرای به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ڕه‌وانه‌كردو پێی ‎ووت: (جارێ‌ مه‌ڕۆ بۆ ناو دێ.)

دان‏پیانانی په‌ترۆس به‌مه‌سیح

27دوای ئه‌مه‌ عیساو قوتابیه‌كانی ڕوویان ‎كرده‌ دێیه‌كانی قه‌یسه‌ری فیلیپۆس، له‌ڕێگا له‌قوتابیه‌كانی پرسی: (خه‌ڵكی من به‌كێ‌ داده‌نێن؟) 28وه‌ڵامیان‎ دایه‌وه‌: (به‌شێ‌ له‌خه‌ڵكی ده‌ڵێن، تۆ یه‌حیای خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێشی، به‌شێكی‎كه‌ش ده‌ڵێن، تۆ ئه‌لیاسی، هه‌ندێكی‎كه‌ش ده‌ڵێن یه‌كێ‌ له‌پێغه‌مبه‌رانی.) 29دیسان لێی‎پرسین: (ئه‌ی ئێوه‌، من به‌كێ‌ داده‌نێن؟) په‌ترۆس وه‌ڵامی‎دایه‌وه‌: (تۆ مه‌سیحی*.) 30عیسا ئاگاداری كردنه‌وه‌ ئه‌مه‌ لای كه‌س باس نه‌كه‌ن.

یه‌كه‌م باسی مردنی عیسا

31ئینجا عیسا ده‌ستی‎كرد به‌فێركردنیان، كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت ئازار بچێژی‎و پیران‎و سه‌رۆَك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت ڕه‌تی‎بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها بكوژرێ‎و دوای سێ ‎ڕۆژ زیندووبێته‌وه‌. 32عیسا ئه‌م باسه‌ی زۆر به‌ئاشكرا بۆ باسكردن، په‌ترۆسیش بردیه‌ لاوه‌و سه‌رزه‌نشتی كرد. 33ئینجا عیسا ئاوڕی‎ له‌قوتابیه‌كانی‎ دایه‌وه‌، سه‌یریكردن‎و سه‌رزه‌نشتی په‌ترۆسی كرد، ووتی: (لاچۆ له‌به‌رده‌مم ئه‌ی شه‌یتان، تۆ بیرت لای شتی خودایی نییه‌و بیر له‌شتی مرۆڤانه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌.)

خۆئاماده‌كردن بۆ مردن

34ئینجا عیسا قوتابیه‌كانی‎و خه‌ڵكه‌كه‌ی بانگ‎كردو پێی‎ووتن: (ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌ به‌دوامه‌وه‌ بڕوات، با واز له‌خۆی بهێنێت‎و خاچی خۆی هه‌ڵگرێ‎و دوام‎كه‌وێت. 35چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ‌ ژیانی ڕزگاربكات، ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی ده‌دۆڕێنێت له‌پێناوی من‎و مزگێنی، ئه‌وه‌ ژیانی ڕزگار ده‌كات. 36چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت، گه‌ر هه‌موو جیهان به‌رێته‌وه‌، به‌ڵام خۆی بدۆڕێنێت؟ 37یان مرۆڤ‎ چی ‎پێشكه‌ش بكات بۆ كڕینه‌وه‌ی خۆی؟ 38چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌من‎و ووشه‌كانم بێ، لای ئه‌م نه‌وه‌ به‌دڕه‌وشت‏و گوناهباره‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش، شه‌رمی پێوه‌ ده‌كات، كاتێ‌ له‌شكۆمه‌ندی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پێرۆزه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.)

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life‪™ ‪Copyright © 1998 by Biblica, Inc. ‪All rights reserved worldwide. ‪“Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]