Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

Acts 18 OBOL

Side by side with the Father's Heart Bible™

پۆڵس له‌كۆرنسوس

1دوای ئه‌وه‌ی پۆڵس ئه‌سینای به‌جێ‌هێشت، بۆ شاری كۆرنسوس ڕۆیشت‏. 2له‌وێ‌ تووشی جووله‌كه‌یه‌كی خه‌ڵكی پونتس بوو، ناوی ئه‌كیلا بوو، تازه‌ له‌گه‌ڵ پریسكلای ژنی له‌ ئیتالیاوه‌ هاتبوون، چونكه‌ كلودیوس فه‌رمانی ده‌ركردنی جووله‌كه‌ی دابوو له‌‏ڕۆما، ئیتر پۆڵس چوو بۆ لایان. 3له‌لایان مایه‌وه‌ ئیشی له‌گه‌ڵیان كرد، چونكه‌ شاره‌زایی له‌‏ئیشه‌كه‌یان هه‌بوو، ئه‌ویش دروست‎كردنی چادر بوو.

4پۆڵس هه‌موو ڕۆژێكی شه‌ممه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ده‌كرد كه‌ له‌كه‌نیشت‏دا ئاماده‌ده‌بوون، هه‌وڵی ده‌دا باوه‌ڕ بهێنێ‌ به‌جووله‌كه‌و یۆنانیه‌كان. 5كاتێ‌ سیلاو تیمۆساوس له‌ ناوچه‌ی مه‌كدۆنیاوه‌ گه‌یشتنه‌جێ‌، پۆڵس به‌ته‌واوی خۆی ســه‌رقاڵ كـردبوو به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ووشه‌ی خودا، هه‌تا بۆ جووله‌كه‌كانی ده‌رخات كه‌ عیسا مه‌سیحه‌، 6به‌ڵام ئه‌وان دژی وه‌ستان‎و ده‌ستیان‎كرد به‌‏گاڵته‌ پێ‌كردنی، ئه‌ویش كراسه‌كه‌ی ته‌كاندو پێیووتن: (خوێنی خۆتان له‌سه‌ر خۆتان. من بێ‌تاوانم! له‌ ئێستا به‌دواوه‌ ده‌ڕۆم بۆ لای ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین.) 7ئیتر پۆڵس ئه‌و شوێنه‌ی لێیبوو به‌جێیهێشت‏و به‌میوانی چووه‌ ماڵی پیاوێك ناوی تیتۆس بوستس بوو، ئه‌م پیاوه‌ خودا په‌رست بوو ماڵه‌كه‌ی به‌ته‌نیشت كه‌نیشته‌وه‌ بوو. 8لێره‌ كریسپۆسی سه‌رۆك كه‌نیشت خۆی‏و خاوخێزانی باوه‌ڕیان به‌‏خوداوه‌ند هێنا. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دانیشتوانی كۆرنسوس گوێیان له‌پۆڵس بوو، به‌مه‌ باوه‌ڕیان هێناو له‌ئاوهه‌ڵكێشران.

قسه‌بكه‌و بێ‌ده‌نگ ‎مه‌به‌

9شه‌وێكیان خوداوه‌ند له‌‏خه‌ودا به‌پۆڵسی ووت: (مه‌ترسه‌، به‌ڵكو قسه‌ بكه‌و بێ‌ده‌نگ مه‌به‌، 10من له‌گه‌ڵتم، كه‌س ناتوانێ‌ ئازارت‎بدات، چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆرم هه‌یه‌ له‌م شاره‌.) 11ئیتر پۆڵس ساڵێك‏و شه‌ش مانگ له‌ كۆرنسوس مایه‌وه‌ خه‌ڵكی فێری ووشه‌ی خودا ده‌كرد. 12كاتێ‌ غالیونی فه‌رمانڕه‌وای ڕۆمانی فه‌رمانڕه‌وایی ووڵاتی ئه‌خائیه‌ی كه‌وته‌ده‌ست، جووله‌كه‌كان به‌یه‌ك بیروڕا دژی پۆڵس كۆبوونه‌وه‌، بردیان بۆ دادگا، 13شكاتیان لـێ‌كردو ووتیان: (ئه‌م پیاوه‌ هه‌وڵ‎ده‌دات خه‌ڵكه‌كه‌ ڕازی بكات خودا به‌ شێوه‌یه‌ك بپه‌رستن كه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تمان ناگونجێ‌.) 14پۆڵس خــه‌ریك بوو به‌رگری له‌ خۆی بكات گه‌ر غالیون به‌ جووله‌كه‌كانی نه‌ووتایه‌: (ئه‌ی جووله‌كه‌كان، گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ تاوانێك یاخود گوناهێك بووایه‌، گوێم له‌ شكاته‌كه‌تان ده‌گرت به‌پێی حه‌ق‏و دادپه‌روه‌ری. 15به‌ڵام گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ شه‌ڕه‌قسه‌یه‌ له‌سه‌ر ووشه‌یه‌ك یا یه‌كێك یاخود شه‌ریعه‌ت، ئه‌وا پێویسته‌ خۆتان چاره‌سه‌ری بكه‌ن. من نامه‌وێ‌ له‌م مه‌سه‌لانه‌دا حوكم‏بده‌م.) 16ئیتر ده‌ریكردن له‌ دادگــا، 17ئه‌وســا خه‌ڵكه‌كه‌ سۆستانیسی سه‌رۆكی كه‌نیشته‌كه‌یان گرت‏و له‌به‌رده‌می دادگا لێیاندا، به‌ڵام غالیون گوێی به‌مه‌ نه‌دا‏.

گه‌ڕانه‌وه‌ی پۆڵس بۆ ئه‌نتاكیا

18پۆڵس ماوه‌یه‌كی درێژ له‌كۆرنسوس مایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ری تاشی له‌‏شاری كه‌نخه‌ریا چونكه‌ نه‌زری له‌سه‌ربوو، ماڵئاوایی له‌برایان كردو له‌گه‌ڵ پریسكلاو ئه‌كیلا به‌ڕێگای ده‌ریا به‌ره‌و سوریا ڕۆیشت. 19كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌فه‌سۆس پۆڵس له‌وێ‌ به‌جێیهێشتن، چووه‌ ناو كه‌نیشتی جووله‌كه‌كان‏و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كردن. 20ئه‌وانیش داوایان لـێ‌كرد ماوه‌یه‌كی زیاتر لایان بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و داوای لـێ‌بووردنی لـێ‌كردن، 21ماڵئاوایی لـێ‌كردن و ووتی: (گه‌ر خودا حه‌زبكات ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان.) ئینجا به‌ڕێگای ده‌ریا ئه‌فه‌سۆسی به‌جێ‌هێشت، 22له‌مینای قه‌یسه‌ریه‌ دابه‌زی، له‌وێوه‌ سه‌ركه‌وت‎و سڵاوی له‌‏كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران كرد، ئینجا به‌ره‌و شاری ئه‌نتاكیا دابه‌زی، 23له‌وێ‌ ماوه‌یه‌ك مایه‌وه‌. پاشان ڕۆیشت بۆ ناوچه‌كانی غه‌ڵاتیه‌و فریجیه‌، له‌‏شارێكه‌وه‌ ده‌چوو بۆ شارێكیكه‌ هه‌تا ووره‌ی هه‌موو قوتابیه‌كان به‌رزكاته‌وه‌.

ئه‌پۆلۆس له‌ئه‌فسۆس‏و ئه‌خائیه‌

24جووله‌كه‌یه‌كی خه‌ڵكی ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ ناوی ئه‌پۆلۆس‏بوو، هات بۆ شاری ئه‌فه‌سۆس، زمان پاراو و شاره‌زابوو له‌كتێبی پیرۆز، 25شاره‌زاییه‌كی باشی له‌ڕێگای خوداوه‌ند هه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌ڕۆح چالاك‏بوو، زۆر به‌ووردی سه‌باره‌ت به‌خوداوه‌ند عیسا خه‌ڵكی فێرده‌كردو ده‌دوا، هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها به‌ له‌ئاوهه‌ڵكێشانی یه‌حیای ده‌زانی. 26كاتێ‌ به‌چاونه‌ترسی له‌ناو كه‌نیشت‏دا ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن، ئه‌كـیلاو پریسكلا گـوێیان لـێ‌گرت، دوایی بردیانه‌ لای خۆیان‏و به‌ووردتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوون‎كرده‌وه‌. 27جا ئه‌پۆلۆس بڕیاریدا بچێ‌ بۆ ناوچه‌ی ئه‌خائیه‌، برایان هانیان‎داو بۆ قوتابیه‌كانی ئه‌وێیان نووسی كه‌وا پێشوازی لـێ‌بكه‌ن. كاتێ‌ گه‌یشته‌ ئه‌وێ‌ یارمه‌تیه‌كی زۆری ئه‌وانه‌یدا كه‌به‌هۆی به‌ره‌كه‌تی خوداوه‌ باوه‌ڕیان هێنا بوو. 28چونكه‌ به‌هێزی قسه‌كانی به‌ئاشكرا جووله‌كه‌كانی بێ‏ده‌نگ ده‌كرد، به‌كتێبی پیرۆز بۆی ده‌رده‌خستن ‏عیسا مه‌سیحه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life‪™ ‪Copyright © 1998 by Biblica, Inc. ‪All rights reserved worldwide. ‪“Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]