Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020

Job 10 OKSS

Side by side with the Father's Heart Bible™

1«لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.

2بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!تێمبگەیەنە بۆچی دادگاییم دەکەیت.

3ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟

4ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟

5ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟

6بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت وچاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟

7هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم وکەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.

8«دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟

9لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟

10ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند ووەک پەنیر منت نەمەیاند؟

11بە پێست و گۆشت منت پۆشی وبە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.

12ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.

13«بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،من زانیم کە چیت لە دڵدایە.

14ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت ولە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.

15ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،چونکە من تێرم لە شەرمەزاری وزەلیلی خۆم بینی.

16ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.

17شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە وتووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت ویەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.

18«ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.

19وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.

20ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،

21پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،

22خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،سێبەری مەرگ و ناڕێکی،خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»

‫Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر ‫© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎ Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎ ‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎ ‫‏ «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020 · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]