Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020

Hebrews 8 OKSS

Side by side with the Father's Heart Bible™

سەرۆک کاهینی پەیمانی نوێ

1گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی خودای پایەبەرز دانیشت، 2خزمەتکاری پیرۆزگا و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی پەروەردگار دایناوە نەک مرۆڤ.

3لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات. 4ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات. 5ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: ﴿بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.﴾ 6بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە.

7لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا. 8بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ:﴿یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت،پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.

9وەک ئەو پەیمانە نابێت کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستمئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن،ئیتر منیش پشتگوێم خستن،ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان ولەسەر دڵیان دەینووسم،من دەبم بە خودای ئەوان وئەوانیش دەبن بە گەلی من.

11لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یانبراکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،»چونکە هەموویان دەمناسن،لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،

12چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیترگوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.﴾

13کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن و پیر بوو، ئەوا لە نەمان نزیکە.

‫Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر ‫© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎ Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎ ‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎ ‫‏ «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020 · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]