Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

Hebrews 5 OBOL

Side by side with the Father's Heart Bible™

1هه‌موو كاهینێكی به‌رز له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێراوه‌، ده‌ستنیشان‏كراوه‌ ببێ‌ به‌نوێنه‌ریان له‌خزمه‌تكردن بۆ خودا، قوربانی‏و ئاژه‌ڵی سه‌ربڕاو پێشكه‌شی خودا ده‌كات له‌پێناوی گوناه‌. 2چونكه‌ خۆی وه‌كو مرۆڤی‏تر لاوازه‌‏، ده‌توانێ‌ به‌زه‌یی به‌نه‌زان‏و گومڕاكان بێته‌وه‌. 3له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌پێناوی گوناهی خه‌ڵكی دیكه‌ قوربانی پێشكه‌ش ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌پێناوی گوناهه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆشی. 4كه‌س ناتوانێ‌ له‌ خۆیه‌وه‌ ‏ئه‌م كاره‌ په‌سه‌نده‌ وه‌رگرێ‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ‌ كه‌ خودا بانگیكردووه‌، هه‌روه‌ك چۆن هارونی بانگ‎كرد.

5هه‌روه‌ها مه‌سیحیش، ئه‌م شوێنه‌ بـه‌رزه‌ به‌خۆی نادات، تا ببێ‌ به‌ سه‌رۆك كاهین، به‌ڵكو خودا ده‌ست‏نیشانیكردوه‌و پێیووتوه‌: [[تۆ ڕۆڵه‌ی منی، من ئه‌مڕۆ بووم به‌‏باوكت.]] 6هه‌روه‌ك چۆن له‌شوێنێكی دیكه‌ پێی ووتوه‌: [[تۆ كاهینی هه‌تاهه‌تایی له‌پله‌ی مه‌لكی‎سادق.]] 7مه‌سیح، كاتێ‌ وه‌ك مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ بووه‌، نوێژیكردووه‌و پاڕاوه‌ته‌وه‌ به‌گریان‎و هاواره‌وه‌، بۆ ئه‌و خودایه‌ی توانای هه‌یه‌ ڕزگاری بكات له‌مردن، ئیتر خودا داواكارییه‌كه‌ی جێ‌به‌جێ‌كرد له‌به‌ر خواترسیه‌كه‌ی. 8هه‌رچه‌نده‌ عیسا ڕۆڵه‌ی خودا بوو، به‌هوێ‌ ئه‌و ئازارانه‌ی چه‌شتی فێری گوێڕایه‌ڵی بوو، 9هه‌روه‌ها به‌و ئازارانه‌ بوو به‌ مرۆڤێكی ته‌واو و بوو ‏به‌‏سه‌رچاوه‌ی ڕزگاری هه‌تاهه‌تایی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵی ده‌بن. 10ئیتر خودا ‏له‌پله‌ی مه‌لكی سادق كردی به‌ كاهینی به‌رز.

11له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌م زۆره‌ بۆتانی بكه‌م‏، به‌ڵام ڕوونكردنه‌وه‌ی گرانه‌، چونكه‌ ئێوه‌ گوێتان گران بووه‌. 12ده‌بووایه‌ ئێستا باوه‌ڕتان گه‌شه‌ی بكردایه‌و ببونایه‌ مامۆستا له‌به‌ر ئه‌وكاته‌ زۆره‌ی هه‌تان بوو، به‌ڵام ئێوه‌ پێویستیتان به‌یه‌كێك هه‌یه‌ بنچینه‌ی ووشه‌ی خوداتان فێر بكات. ‏وه‌ك منداڵێكی شیره‌خۆر ته‌نها ده‌توانرێ‌ شیرتان بدرێتێ‌، نه‌ك خواردنی ته‌واو. 13بۆیه‌ هه‌ر یه‌كێك به‌شیر بژیت ئه‌وا كه‌مزانه‌ له‌ووشه‌ی ڕاست‏ودروستی، چونكه‌ هێشتا منداڵه‌. 14به‌ڵام ئه‌وانه‌ی شاره‌زاییان هه‌یه‌و پێگه‌یشتوون، ده‌توانن خواردنی به‌هێز بخۆن، چونكه‌ به‌كردار توانایه‌كی مه‌شق پێكراویان له‌لا دروست بووه‌. ئیتر ده‌توانن چاكه‌و خراپه‌ له‌یه‌كتری جیابكه‌نه‌وه‌.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life‪™ ‪Copyright © 1998 by Biblica, Inc. ‪All rights reserved worldwide. ‪“Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]