Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life

Acts 15 OBOL

Side by side with the Father's Heart Bible™

كۆبوونه‌وه‌ی ‏نێرراوان ‏له‌قودس

1هه‌ندێ‌ جووله‌كه‌ له‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ عیسا هێنابوو له‌‏ناوچه‌ی یه‌هودیه‌وه‌ هاتن بۆ ئه‌نتاكیا، ده‌ستیان‎كرد به‌ فێركردنی برایان‏و ووتیان: (ڕزگارتان نابێ‌ گه‌ر به‌پێی شه‌ریعه‌تی موسا خۆتان خه‌ته‌نه‌ نه‌كه‌ن.) 2ئه‌وسا پۆڵس‏و به‌رنابا له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵیه‌كی توندیان له‌گه‌ڵ كردن. دوای ئه‌و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ باوه‌ڕدارانی ئه‌نتاكیا بڕیاریان‎دا پۆڵس‏و به‌رنابا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ له‌‏باوه‌ڕداران ڕووبه‌رووی نێرراوان‏و پیران ببنه‌وه‌ له‌ قودس، له‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵیان بكۆڵنه‌وه‌. 3پاش ‎ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران ماڵئاواییان لـێ‌كردن، ڕۆیشتن بۆ قودس به‌ناو شاری فنیقیه‌و سامیره‌، له‌وێ‌ هه‌واڵیان‎دا به‌ برایان كه‌وا ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ش نین باوه‌ڕیان هێناوه‌ به‌ عیسا، به‌مه‌ خۆشییه‌كی زۆر له‌نێو هه‌موو برایان بڵاوبووه‌وه‌. 4كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ قودس، هه‌موو نێرراوان‏و پیرانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران پێشوازیان لـێ‌كردن، هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان دانێ‌ كه‌ خودا به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ كردبووی. 5به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌و باوه‌ڕدارانه‌ی له‌‏پێشا له‌سه‌ر ڕێگای فه‌ریسیه‌كان بوون هه‌ستان‏و ووتیان: (پێویسته‌ ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی جووله‌كه‌ نین خه‌ته‌نه‌ بكرێن‏و به‌ شه‌ریعه‌تی موسا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن.

په‌ترۆس‏و پیرانی قودس

6جا نێرراوان‏و پیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرد بۆ لـێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌. 7پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر، په‌ترۆس هه‌ستاو ووتی: (ئه‌ی برایان، ئێوه‌ ده‌زانن ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خودا ده‌یه‌وێ‌ ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین له‌سه‌ر زمانی من كه‌ له‌نێوان ئێوه‌دا هه‌ڵیبژاردم گوێ‌ له‌ووشه‌ی مزگێنی بگرن‏و باوه‌ڕ بهێنن. 8ئه‌و خودایه‌ی ده‌زانێ‌ چی له‌‏دڵدایه‌، شایه‌تییان بۆ ده‌داو ڕۆحی پیرۆزی پێ‌به‌خشیون وه‌ك به‌ ئێمه‌ی به‌خشیوه‌. 9ئه‌و به‌ هیچ شتێك جیاوازی له‌‏نێوان ئێمه‌و ئه‌وان نه‌كردووه‌، به‌باوه‌ڕ دڵی پاك كردونه‌ته‌وه‌. 10ئیتر بۆچی ئێوه‌ خودا تاقی‏ده‌كه‌نه‌وه‌، نیرێك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی قوتابیان ئه‌وه‌ی خۆمان‏و باوباپیرانمان نه‌مان‎توانی هه‌ڵیگرین؟ 11به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌داین ئێمه‌و ئه‌وانیش به‌هۆی به‌ره‌كه‌تی عیسای خوداوه‌ند ڕزگار ده‌بین.(

12ئیتر ده‌مه‌قاڵه‌ له‌نێوان دانیشتوان نه‌ما، ده‌ستیان‎كرد به‌ گوێ‌گرتن له‌ به‌رناباو پۆڵس، كاتێ‌ هه‌واڵی ئه‌و نیشانه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان پێ‌ڕاگه‌یاند كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان كردی له‌نێو ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین. 13دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان له‌‏قسه‌ بوونه‌وه‌، یاقوب ووتی: (ئه‌ی برایان گوێم لـێ‌بگرن: 14‏شه‌معون پێی ڕاگه‌یاندن چۆن خودا له‌سه‌ره‌تاوه‌ بایه‌خیداوه‌ به‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین تا له‌ نێوانیان میلله‌تێك هه‌ڵبژێرێ‌ ناوی ئه‌و هه‌ڵگرێ‌، 15ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ووته‌ی پێغه‌مبه‌ران ڕێك‏ده‌كه‌وێ‌، هه‌روه‌ك له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه‌: [[ 16دوای ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ خانووه‌ ڕووخاوه‌كه‌ی داود دروست ده‌كه‌مه‌وه‌، ئینجا پارچه‌ی خانووه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرم‏و سه‌ر له‌نوێ‌ دروستی ده‌كه‌مه‌وه‌، 17تا گه‌لانی تر‏و هه‌موو ئه‌و میلله‌تانه‌ی ناوی منیان هه‌ڵگرتووه‌ به‌دوای خوداوه‌ند بگه‌ڕێن، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوداوه‌ند ده‌یڵێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی دروست‎كردووه‌و 18هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ش زانراون.]] 19له‌به‌رئه‌وه‌ وای به‌ باش ده‌زانم قورسایی نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین‏و ڕێگای خودایان گرتووه‌، 20به‌ڵكو نامه‌یه‌كیان بۆ بنووسین‏و تیایدا ڕایان‎سپێرین خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌گڵاوی بت‏و داوێن‏پیسی، هه‌روه‌ها له‌خواردنی گۆشتی ئاژه‌ڵی خنكێنراو و خواردنه‌وه‌ی خوێن. 21چونكه‌ هه‌ر له‌‏كۆنه‌وه‌ موسا له‌هه‌موو شارێك پیاوی هه‌بووه‌ ناوی ئه‌و ڕابگه‌ێنن، هه‌موو ڕۆژێكی شه‌ممه‌ش شه‌ریعه‌ته‌كه‌یان خوێندۆته‌وه‌ له‌كه‌نیشته‌كان.(

بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی نێرراوان

22ئینجا نێرراوان‏و پیران‏و هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران بـه‌باشیان زانی دوو پیاو هه‌ڵبژێرن له‌ناو برایان‏و بیاننێرن بۆ ئه‌نتاكیا له‌گه‌ڵ پۆڵس‏و به‌رنابا. ئیتر سیلاو یه‌هوزا كه‌ نازناوی به‌رسابا بوو هه‌ڵیان‎بژاردن، ئه‌م دووانـه‌ش شوێنێكی به‌رزیان هه‌بوو له‌نێو برایان. 23ئه‌م نامه‌یه‌یان دایه‌ده‌ستیان: (له‌ نێرراوان‏و پیرانی براوه‌، بۆ ئه‌و برا باوه‌ڕدارانه‌ی جــوولــه‌كه‌ نین له‌ناوچه‌كانی ئه‌نتاكیاو سوریاو كیلیكیه‌: سڵاوتان لـێ‌بێ‌.

24بیستمان هه‌ندێ‌ كه‌س هاتوون بۆ لاتان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بێ‌ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ڕایان‏سپێرین، به‌هۆی قسه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ناخۆشی كه‌وته‌ ناوتانه‌وه‌، مێشكتان ناڕه‌حه‌ت‏بوو. 25بۆیه‌ به‌باشمان زانی به‌یه‌ك بیروڕاوه‌ دوو پیاو هه‌ڵبژێرین‏و بۆتان بنێرین له‌گه‌ڵ برایانی خۆشه‌ویستمان به‌رناباو پۆڵس، 26ئه‌و دوو پیاوه‌ی ژیانیان ته‌رخان‎كردووه‌ بۆ خزمه‌ت‎كردنی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند. 27جا ئێمه‌ یه‌هوزاو سیلامان بۆ ناردن تا هه‌مان شتتان به‌ده‌م پێ‌ڕاگه‌ێنن. 28چونكه‌ ڕۆحی پیرۆزو ئێمه‌ وامان به‌باش زانی قورسایی نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌. كه‌ ئه‌مانه‌ن: 29خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌و شتانه‌ی ده‌كرێ‌ به‌قوربانی بۆ بت، هه‌روه‌ها له‌خوێن خواردنه‌وه‌و خواردنی ئاژه‌لێ‌ خنكێنراو و داوێن‎پیسی‏. گه‌ر خۆتان پاراست له‌مانه‌، شتی چاك ده‌كه‌ن‏و خودا له‌گه‌ڵتانه‌.)

30ئه‌وسا هه‌ستان‏و نامه‌كه‌یان هه‌ڵگرت‏و ڕۆیشتن بۆ ئه‌نتاكیا، هه‌موو باوه‌ڕدارانیان بانگ‎كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌و نامه‌كه‌یان پێشكه‌ش‎كردن. 31كاتێ‌ خوێندیانه‌وه‌ زۆر دڵشاد بوون به‌و هاندانه‌ی تیایدا بوو. 32هه‌روه‌ها یه‌هوزاو سیلا به‌ ووشه‌ی خودا ده‌دوان، زۆر قسه‌یان بۆ برایان كردو ووره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌و هانیان‏دان. 33پاش ماوه‌یه‌ك برایان به‌ ئاشتی ڕه‌وانه‌یان كردنه‌وه‌ بۆ لای ئه‌وانه‌ی ناردوبوویانن. [ 34‏به‌ڵام سیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ‌ بمێنێته‌وه‌.] 35پۆڵس‏و به‌رناباش هه‌ر له‌ئه‌نتاكیا مانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی زۆر ووشه‌ی خوداوه‌ندیان ڕاده‌گه‌یاندو فێر ده‌كرد.

لێك‏جیابونه‌وه‌ی پۆڵس‏و ‏به‌رنابا

36پاش چه‌ند ڕۆژێك پۆڵس به‌ به‌رنابای ووت: (وه‌ره‌ بابگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌رێك له‌‏برایان بده‌ین‏و هه‌واڵیان بزانین له‌‏هه‌موو شارێك كه‌وا ووشه‌ی خوداوه‌ندمان تیا‏یدا ڕاگه‌یاندووه‌.) 37ئینجا به‌رنابا پێشنیاریكرد كه‌وا یۆحه‌ننا كه‌ نازناوی مه‌رقۆسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن، 38به‌ڵام پۆڵس نه‌یویست له‌گه‌ڵ خۆیان بیبات، چونكه‌ له‌په‌مفیلیه‌ به‌جێیهیشتبوون‏و له‌گه‌ڵیان نه‌ڕۆیشت بۆ خزمه‌ت‏كردن. 39له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌وته‌ نێوانیان، تا وای لـێهات له‌یه‌كتری جیابوونه‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنابا مه‌رقۆسی له‌گه‌ڵ خۆی بردو به‌ڕێگای ده‌ریا بۆ قوبرس ڕۆیشتن، 40به‌ڵام پۆڵس سیلای هه‌ڵبژارد له‌گه‌ڵی بڕوات، ئیتر ئه‌وێیان به‌جێ‏هێشت‏و برایان ئه‌وانیان به‌ به‌ره‌كه‌تی خوداوه‌ند سپارد. 41ئینجا ڕۆیشتن بۆ ناوچه‌كانی سوریاو كیلیكیه‌ تاباوه‌ڕی كۆمه‌ڵه‌كانی باوه‌ڕداران به‌هێز بكه‌ن.

Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life‪™ ‪Copyright © 1998 by Biblica, Inc. ‪All rights reserved worldwide. ‪“Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.
Biblica® Open Sorani Kurdish Book of Life · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]