Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020

Hebrews 4 OKSS

Side by side with the Father's Heart Bible™

بەڵێنی حەسانەوەی خودایی

1بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی لەدەست بچێت. 2هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. 3ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی:﴿بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون.

4لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: ﴿ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا.﴾ 5دیسان لەو دەقەدا دەفەرموێت: ﴿نایەنە ناو حەسانەوەی من.﴾

6ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. 7دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد:﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.﴾

8لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. 9کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، 10چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. 11بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت.

12چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە. 13بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.

عیسا سەرۆک کاهینی پایەبەرزە

14لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆکی کاهینانە پایەبەرزەمان هەیە کە بە ئاسماندا تێپەڕی، عیسای کوڕی خودا، با دەستبگرین بەو باوەڕەی کە دانمان پێدا ناوە، 15چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو. 16بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.

‫Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر ‫© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎ Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎ ‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎ ‫‏ «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020 · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]