Skip to content
The Believer's Library

Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020

Ecclesiastes 9 OKSS

Side by side with the Father's Heart Bible™

یەک ڕووداو بۆ هەمووان

1ئیتر لە هەموو ئەوانە ڕامام و بۆم دەرکەوت کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت. 2هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، ڕاستودروست و بەدکار، چاک و خراپ، پاک و گڵاو، قوربانی سەربڕ و ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت؛چاکەکار و گوناهبار،سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.

3ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە، شێتییش لە دڵیاندایە لە کاتێکدا زیندوون و پاشان کە دەچنە پاڵ مردووان. 4هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. تەنانەت سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!

5زیندووان دەزانن کە دەمرن،بەڵام مردووان هیچ نازانن ولەمەودواش پاداشتیان نییە،تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.

6خۆشەویستی و ڕق وبەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون،ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایەلە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.

7بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە. 8با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە. 9خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت. 10ئەوەی لە دەستت دێت، بەوپەڕی هێز و تواناوە بیکە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.

11دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی:ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە وجەنگ بۆ پاڵەوانان نییە ونان بۆ دانایان نییە ودەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە وپەسەندی بۆ زانایان نییە،چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.

12هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت:وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن،یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن،ئادەمیزادیش بە هەمان شێوەی ئەوانلەناکاو و لە کاتێکی خراپدا دەکەونە تەڵەوە.

دانایی لە گێلایەتی باشترە

13ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە: 14شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا. 15ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما. 16منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.

17قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانەزیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.

18دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە،بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.

‫Biblica®‎ وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر ‫© مافی چاپکردن پارێزراوە ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ لەلایەن ببلیکا‎ Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version™‎ ‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎ ‫‏ «Biblica» "ببلیکا" نیشانەی بازرگانییە کە لە لایەن ڕێکخراوی ببلیکاوە لە نووسینگەی مافنامە و نیشانەی بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا تۆمار کراوە. بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Used with permission.‎
Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version 2020 · Creative Commons - Attribution-ShareAlike [CC BY-SA]